کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلۆمبێرگ: بۆ یەکەمجار لە دوای دەسپێکی شەڕ، هەناردەکردنی نەوتی خارک بە تەواوی پەکی کەوت

09:13 - 23 بانەمەڕ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "بلۆمبێرگ"، داتاکانی بەدواداچوونی کەشتیوانی نیشانی دەدەن کە بارکردن و هەناردەکردنی نەوت لە تێرمیناڵی ستراتێژیی دوورگەی "خارک" ڕاوەستاوە.

ئەمە یەکەمجارە لە دوای دەسپێکی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، کە هەناردەی نەوتی ئەم وێستگە سەرەکییە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن پەک بخرێت.

دوورگەی خارک کە بڕبڕەی پشتی ئابووریی ئێرانە و پتر لە ٩٠ لەسەدی هەناردەی نەوتی خاوی ئەو وڵاتەی تێدا ئەنجام دەدرێت، لە چەند حەفتەی ڕابردوودا بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکان و تێکچوونی ژێرخانە تێکنیکییەکانییەوە، توانای بارکردنی نەوتی بۆ نێو کەشتییە گەورەکان لەدەست داوە.

بلۆمبێرگ ئاماژەی بەوە کردووە کە ماهوارەکان هیچ کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە دەوروبەری سەکۆکانی بارکردنی ئەم دوورگەیە نابینن، ئەمەش نیشانەی تێکشکانێکی قووڵی کەرتی وزەی تارانە.

ڕاوەستانی هەناردەی نەوت لە خارک، نەک تەنیا گورزێکی قورس لە داهاتی کۆماری ئیسلامی دەوەشێنێت، بەڵکوو بووەتە هۆی دڵەراوکێیەکی زۆر لە بازاڕەکانی وزەی جیهان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

شارەزایانی ئابووری پێیان وایە کە ئەگەر ئەم ڕەوشە بەردەوام بێت، ڕێژیمی ئێران بۆ دابینکردنی بودجەی سەربازی و تێچووە نێوخۆییەکانی بەرەوڕووی قەیرانێکی بێ‌وێنە دەبێتەوە.

هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر کەرتی وزە و تێکچوونی هاتوچۆ لە گەرووی هۆرمۆز، ئێرانیان خستووەتە ناو گەمارۆیەکی کردەیی توندەوە کە دەرهاویشتە مەترسیدارەکانی تادێت زیاتر دەردەکەون.