کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیانە داراییە قورسەکانی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران

09:05 - 12 بانەمەڕ 2726

بەهۆی توندتربوونی گەمارۆ دەریایییەکانی ئەمریکا لە دەریای عومان، ڕێژیمی ئێران ڕۆژانە زیانێکی دارایی یەکجار زۆری بەردەکەوێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"، تەنیا لە ماوەی ڕابردوودا ئەم گەمارۆیانە بوونەتە هۆی ئەوەی تاران نزیک بە ٥ میلیۆن دۆلار لە داهاتەکانی لەدەست بدات.

ئەم زیانانە بەهۆی پەککەوتنی هەناردەی نەوت و ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی ئەو کاڵا و کەلوپەلانەیە کە سەرچاوەی دابینکردنی دراوی بیانی بوون بۆ ڕێژیم، ئەمەش گوشارێکی کەموێنەی خستووەتە سەر سیستەمی بانکی و ئابووریی ئێران.

شیکارانی ئابووری ئاماژە بەوە دەدەن کە بەردەوامیی ئەم گەمارۆیانە لە دەریای عومان، توانای مانۆڕی دارایی لە کۆماری ئیسلامی زەوت دەکات و کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر دابەزینی بەهای تمەن و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان هەبووە.

واشنگتۆن بەم هەنگاوە دەیەوێت سەرچاوە دارایییەکانی سپای پاسداران و گرووپە میلیشیاکانی سەر بە تاران وشک بکات. ئەم دۆخە نیشانەی ئەوەیە کە گەمارۆ دەریاییەکان تەنیا لایەنی سەربازییان نییە، بەڵکوو وەک چەکێکی کاریگەر بۆ لەنێوبردنی تەواوەتیی ئابووریی ڕێژیم بەکار دەهێنرێن.