کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاناڵی ئێن بی سی: ئاگربەست دەرفەتی خۆتەیارکردنەوەی بە ئێران داوە

09:56 - 11 بانەمەڕ 2726

کاناڵی هەواڵی ئێن بی سی لە زاری بەرپرسانی ئەمریکا و دوو سەرچاوەی ئاگاداری دیکەوە، بڵاوی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئاگربەستی وەک دەرفەتێک بۆ دەرهێنانی مووشەک و باقی تەقەمەنییەکانی لەژێر داروپەردوودا بەکار هێناوە.

ئەمریکا لەو باوەڕەدایە کە ڕێژیمی ئێران دەیەوێ بەخێرایی توانا پەهبادی و مووشەکییەکەی خۆی نۆژەن بکاتەوە تا لە ئەگەری بڕیاری ترامپ بۆ دەسپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی نیزامی، بتوانێ هێرشەکانی خۆی لە ناوچەکەدا درێژە پێ بدات.

بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکایی، بڕیارە ترامپ لەگەڵ تیمی ئەمنییەتیی خۆی دابنیشێت و بژاردەکان لەوانە، هەوڵی نیزامیی نوێ بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز و بێبەریکردنی کۆماری ئیسلامی لە وزەی ناوکی لێک بداتەوە.

بە سەرنجدان بە ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی لە ماوەی شەڕەکەدا و دەستدرێژییەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، خۆتەیارکردنەوەی بە توانای نیزامی مەترسییەکی جیددی بۆ سەر ناوچەکە بەئەژمار دێت.