کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ۱۲ی بانەمەڕ

09:52 - 12 بانەمەڕ 2726

خەڵکی ڕزگاریخوازی کوردستان!

خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان!

خوێندکارانی خەباتگێڕی کورد!

بەبۆنەی ١٢ی بانەمەڕ، ڕۆژی ''خوێندکاری کورد''ەوە بەگەرمی پیرۆزباییتان لێ دەکەین و ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی سیاسی و کاریگەرتان لە سەنگەری خەباتی ڕووناکبیری‌دا دەگرین.

١٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ ۵۸ ساڵ بەسەر ڕووداوێک‌دا تێدەپەڕێ کە وەک لاپەڕەیەکی درەوشاوە لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد و چالاکیی خوێندکاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا تۆمار کراوە و بووە بە ئیلهامدەری خەباتکاران و نیشتمانپەروەران، بەتایبەت خوێندکارانی نەتەوەخوازی کورد.

لەساڵی ١٣٤٦ـی هەتاوی‌دا ژمارەیەک لە خەباتگێڕانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەژێر ناوی کۆمیتەی شۆڕشگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە ئامانجی شکاندنی شەقڵی شەوەزەنگی چلەکانی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی چەخماخەی ڕاپەڕینێکی چەکدارییان لێ‌دا و بەناو دوڕگەی سەقامگیری حەمەڕەزا شای پەهلەوییان شڵەژاند. لەو ڕاپەڕینە مێژوویییەدا "سمایلی شەریف‌زادە" وەک یەکێک لە ڕێبەرانی ڕاپەڕینەکە و وەک خوێندکارێکی  پێگەیشتووی کورد دەورێکی کاریگەر و شوێندانەری لەسەر وشیاریی نەتەوەیی و خەباتی شوناسخوازیی کورد هەبوو. سمایلی شەریف‌زادە، سەرچەشن و پێشەنگی ئەو پۆلە لە تێکۆشەرانی سیاسیی کورد بوو کە بە هەڵوێستی سیاسی و ئەکتی خەباتگێڕییان پێناسەیەکی نوێ و شوناسێکی نەتەوەیییان بە خوێندکاری کورد و تێکۆشانی سیاسی و سینفیی خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئێران بەخشی. لەکاتێک‌دا کەشی سیاسیی ئێران لە دەیەی ٤٠ی هەتاوی‌دا بەتەواوی کەوتبووە ژێر کاریگەریی بیری چەپی ڕادیکاڵ لەلایەک و بیری ئێرانشاری لەلایەکی ترەوە، ژمارەیەک لە خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی تاران -یەک لەوان سمایل شەریف‌زادە- پێوەندییەکی گوتاری و سیاسییان لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی-دێموکراتیکی کوردستان دامەزراند کە بوو بە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕەوتێکی ڕادیکاڵ و نەتەوەیی لە هەناوی بزووتنەوەی کوردستان‌دا کە حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕێبەریی دەکرد. هاوکات پێوەندییەکی مەعریفی و لە هەمان کات‌دا دوولایەنە لەنێوان چەپی ڕادیکاڵ و نەتەوەییی کوردی‌دا هاتە ئاراوە کە بزوتنەوەی چەکداریی ساڵانی ٤٦- ٤٧ لە هەناوی‌دا لەدایک بوو.

لەو قۆناغە لە مێژووی ئێران‌دا کە ئازادییە سیاسییەکان بەتوندی سەرکوت دەکران و هیچ هیوایەک بۆ گۆڕانێکی سیاسی لەو وڵاتەدا بەدی نەدەکرا، شەریف‌زادە و پۆلێکی دیکە لە لاوانی خوێندەواری ئەو دەم، سەنگەری خەبات و تێکۆشانیان لە زانکۆ و ناوەندی ئێرانەوە بۆ چیاکانی کوردستان و بۆ نێو ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان گواستەوە. ئەوان وێڕای هەوڵدانیان بۆ بردنەسەری ئاستی وشیاریی سیاسی و هزری نەتەوەیی و بەرجەستەکردنی خەسڵەتی سەربەخۆییی سیاسی لە حیزبی دێموکرات و بایەخدان بە تێکۆشان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا، بوونە هەوێنی وەڕێکەوتنی ڕاپەڕینێکی چەکداری لەدژی دەسەڵاتی حەمەڕەزاشای پەهلەوی و لە نێوان کۆماری کوردستان هەتا شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧دا گەورەترین ڕووداوی سیاسیی کوردستانیان خولقاند و بوونە پردی پێوەندیی نێوان ئەو دوو ڕووداوە سیاسییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا.

جووڵانەوەی چەکدارانەی کوردستان  (١٣٤٦- ١٣٤٧) یەکەم بزووتنەوەی چەکداری بوو لە ئێران‌دا کە لەگەڵ پێشوازیی گەرمی جەماوەری وەزاڵەهاتوو بەرەوڕوو بوو و بوو بە سەرەتایەک بۆ هەڵگیرسانی خەباتی چەکداری لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش‌دا. سەرەنجام ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٤٧ـی هەتاوی کاک سمایل شەریف‌زادە و چەند هاوسەنگەرێکی دیکەی لە ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی پاشایەتی لە ناوچەی بانەدا شەهید کران.

خوێندکارانی نیشتمانپەروەری کورد!

خوێندکارانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەم و قۆناغی ئێستاش‌دا، بەشێکی چالاک لە بزووتنەوەی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەیانن. ئەوان لە نێوخۆی ئێران سەرەڕای زەبروزەنگی دام‌ودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەنێو زانکۆکان و لە سەنگەری شەقامیش‌دا لە ڕیزی پێشەوەی خەبات و تێکۆشان‌دا بوون. ئەویش لە بارودۆخێک‌دا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە زانکۆکانی بە مەترسی بۆ سەر بنەما ئیدئۆلۆژیکەکانی دەزانی و ئۆرگان و دامەزراوەی جۆراوجۆری ئەمنییەتیی لە زانکۆکان‌دا جێگیر کرد و هەوڵی داوە و هەوڵیش دەدات دەنگی ئازادیخوازی و مافخوازیی خوێندکاران کپ بکات؛ بەڵام سەرەڕای ئەوەش بینیمان کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا، خوێندکاران لە بەشێکی زۆر لە زانکۆکانی کوردستان بوونە پێشەنگ و ئاڤانگاردی ئەو شۆڕشە. هەروەها لە ڕۆژانی ۱۸ و ۱۹ بەفرانباری ۱۴۰۴دا خوێندکارانی کورد بەشداریی  چالاکیان لەم ناڕەزایەتییانەدا هەبوو و ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی کورد شەهید بوون.

کچان و کوڕانی خوێندکاری کورد لە زانکۆکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا خواست و داواکارییە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکانیان لە بەستێنی خەباتێکی نەتەوەیی‌دا کردە هەوێنی چالاکییەکانیان و کۆی پێکهاتەی سیاسی و ئیدئۆلۆژیکی ڕێژیمیان کردە ئامانج.

شۆڕشی ژینا و ڕاپەڕینی بەربڵاوی خوێندکاران لە ڕەوتی ئەو شۆڕشەدا لە زۆر ڕووەوە درێژەی خەباتی شەهید شەریف‌زادە و هاوڕێیانی لەو سەردەمەدا بوو و زۆر خاڵی هاوبەش لەو دوو قۆناغەدا بەرچاو دەکەون. ڕۆحی شۆڕشگێڕیی شەریف‌زادە و هاوڕێیانی لە بەگژداچوونەوە و ڕابوون دژی ستەمکاری و دیکتاتۆری، دەروەستیی نەتەوەیی و نیشتمانی و پەیوەستبوون بە بزووتنەوەی نەتەوەیی و هەروەها بووژاندنەوەی هیوای خوێندکاران بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی ئەو وێکچوونانەن کە چالاکییەکانی خوێندکاران لە شۆڕشی ژینادا بە خەباتی خوێندکاریی دەیەی ٤٠ـی هەتاوی بە پێشەنگایەتیی شەریف‌زادە پێکەوە دەبەستنەوە. ئەوەش وای کردووە ڕێبازی شەریف‌زادە وەک ڕێبەر و هێما و پێشەنگی خوێندکاریی کورد بەردەوام بەرهەم بێتەوە و پێشوازیی کۆمەڵگەی خوێندکاریی کوردی لەو ناونانە زەقتر بێتەوە.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان سەرەڕای ئەوەی بزاڤی خوێندکاریی کوردی بە بزاڤێکی گۆڕانخواز، نەتەوەیی و عەداڵەتخواز دەزانێ، بڕوای قووڵی بە ڕێکخستنی هەرچی زیاتری خوێندکاران هەیە بۆ وەسەریەک‌خستنی تواناکانیان لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆری و هەر چەشنە ستەمێک و لەوانە ستەمی نەتەوەیی، ڕەگەزی و چینایەتی و لەو پێناوەش‌دا هەوڵ دەدات توانا و وزەکان لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی ئەو بزاڤەدا بخرێتە گەڕ.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەرزنرخاندنی یاد و بیرەوەریی شەهید سمایلی شەریف‌زادە، سیمبۆلی بزووتنەوەی خوێندکاریی کورد، پیرۆزباییی ١٢ی بانەمەڕ، ڕۆژی خوێندکاری کورد لە خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، کۆمەڵگەی خوێندکاری و هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا و پشتیوانیی خۆی لە خەباتی شێلگیرانە و ڕوو لە گەشەی خوێندکارانی بوێر و پێشەنگی کۆمەڵگەی کوردی دووپات دەکاتەوە و زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان چ لە بەرهەمهێنانی ئەندێشە و چ لە بواری چالاکیی مەیدانی‌دا بە بزوێنەر و پێشەنگی خەباتی جەماوەری دەزانێ.

یادی شەهیدان هەرماو!

سەر بکەوێت خەباتی شێلگیری نەتەوەییمان!

 

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

١٢ی بانەمەڕی ۲۷۲۶ـی کوردی