کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نوێترین پێشنیاری خۆیدا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕ، هەندێک لە مەرجەکانی پێشووی گۆڕیوە و پاشەکشەی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "واڵستریت ژوورناڵ"، تاران لەم پێشنیارە نوێیەدا وازی لە مەرجی "کۆتاییهێنان بە گەمارۆکان پێش دەستپێکردنی دانوستان" هێناوە و ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە هاوکات لەگەڵ وەرگرتنی گەرەنتی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان، لەسەر بابەتە سەرەکییەکانی وەک گەرووی هۆرمۆز و پرسی ئەتۆمی وتووێژ بکات.
ئەم پێشنیارە نیشاندەری پاشەکشەی تارانە لە هەڵوێستە توندەکانی پێشووی و ڕایگەیاندووە کە ئەگەر واشنگتۆن پێشوازی لێ بکات، ئامادەیە سەرەتای حەوتووی داهاتوو لە وڵاتی پاکستان لەگەڵ ئەمریکا بچێتە سەر مێزی دانوستان.
ئەمە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە کاردانەوەیەکی کورتدا ڕایگەیاندووە کە لە پێشنیارە نوێیەکەی ئێران ڕازی نییە، بەڵام وردەکاریی زیاتری لەو بارەوە ئاشکرا نەکردووە.
چاوەدێرانی سیاسی پێیان وایە توندتربوونی گەمارۆ دەریاییەکان، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گۆڕانکاریی هەڵوێستی ڕێژیم هەبووە.