کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی مەجلیسی خوبرەگانی ڕێژیم بۆ کشانەوە لە پەیمانی (NPT) و پێداگری لەسەر سەرکوتکاری و شەڕخوازی

11:19 - 22 خەزەڵوەر 2726

مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەریی ڕێژیمی ئێران لە بەیاننامەیەکدا، وێڕای هەڕەشەکردن بۆ کشانەوەی ئێران لە پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) و گۆڕینی دۆکترینی سەربازیی ڕێژیم، داوای توندکردنەوەی سەرکوتی کۆمەڵایەتی لە نێوخۆ و بەردەوامیی پشتیوانیکردن لە گرووپە تێرۆریستی و میلیشیاکانی ناوچەکە دەکات.

لەم بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ بڵاو کراوەتەوە، ئەم دامەزراوە حکوومەتییە بە بیانووی هەڕەشەکان بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، داوای پێکهێنانی "ناوەندی ئابووریی شەڕ" بە بەشداریی هەر سێ دەسەڵاتەکەی ڕێژیمی کردووە.

هاوکات مەجلیسی خوبرەگان پێداگریی لەسەر درێژەدان بە سیاسەتی دەستێوەردانی ناوچەیی و پشتیوانیی دارایی و سەربازی لە گرووپە بەکرێگیراوەکانی ناسراو بە "بەرەی موقاومەت"ی کردووەتەوە و جەختی لەسەر خۆپاراستن لە پاشەکشە لە بەرانبەر ئەمریکادا کردووە.

لە تەوەرێکی دیکەی بەیاننامەکەدا و لە درێژەی سیاسەتی دژەژنی کۆماری ئیسلامیدا، مەجلیسی خوبرەگان دژایەتیی خەڵک بۆ "حیجابی زۆرەملێ"ی بە پیلانی دەرەکی بۆ "داڕمانی نێوخۆیی" گرێ داوە و فەرمانی بە دەزگا سەرکوتکەر و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم کردووە کە توندتر ڕووبەڕووی کۆمەڵگە ببنەوە.

هەروەها ئەم دامەزراوەیە وێڕای هەڕەشەی وڵامی سەربازیی بێسنوور، دووبارە داوای دەرچوونی هێزە نێودەوڵەتییەکانی لە ناوچەکەدا کردووەتەوە.