چالاکێکی کرێکاری وێڕای ڕەخنەگرتن لە گرانبوونی لەڕادەبەدەری دەرمان و نان لە ئێراندا، هۆشداریی دا کە تێچووی قورسی چارەسەریی پزیشکی و بژێوی، بنەماڵە کرێکارییەکانی لە نێوان دابینکردنی نان و بەردەوامبوون لە دەرماندا تووشی قەیران کردووە.
ئێحسان سوهرابی، چالاکی کرێکاری، ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی خەزەڵوەر لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ڕوکنا"، ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی ٥٠٠ لەسەدیی نرخی هەندێک لە دەرمانە بیانییەکان و زیادبوونی ١٥٠ لەسەدیی دەرمانە نێوخۆییەکان کرد و ڕایگەیاند کە ئەم گرانییە، بەتایبەت بۆ نەخۆشییە تایبەتەکان و شێرپەنجە، بووەتە هۆی بێبەشبوونی کردەیی نەخۆشەکان لە وەرگرتنی چارەسەر.
ناوبراو جەختی کردەوە کە تێچووی شیمی دەرمانی، تیشکدەرمانی و تاقیکردنەوە پزیشکییەکان گوشارێکی بێوێنەی خستووەتە سەر خەڵک.
ئەم چالاکە کرێکارییە بە ئاماژەدان بەوەی کە پرسی نان لەسەر سفرەی خەڵکی ئێران بووەتە هێمای شێواویی تێچووەکانی ژیان، زیادی کرد: "گیانی مرۆڤ نابێت گرێدراوی توانای دارایی بێت و نان نابێ ببێتە کاڵایەکی گرانبەها و دەگمەن."
ئەم قەیرانە مرۆییە لەکاتێکدایە کە تەنانەت بەپێی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامیش دابینکردنی تەندروستی ئەرکی دەسەڵاتە و پشکی خەڵک لە تێچووەکانی سڵامەتی نابێت زیاتر لە ٣٠ لەسەد بێت.
پێشتریش سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕەخنەی توندی لە سیاسەتە داراییەکانی ڕێژیمی ئێران گرتبوو و ڕایگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی دەبێت لەجیاتی سەرفکردنی میلیاردها دۆلار بۆ میلیشیا و گرووپە تێرۆریستییە بەکرێگیراوەکانی، ئەو پارەیە بۆ بژێوی و خۆشگوزەرانیی خەڵکی ئێران خەرج بکات.