دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، شەوی پێنجشەممە ٢١ی خەزەڵوەر لە وتووێژێکدا لەگەڵ "هیو هیویت"، ڕۆژنامەنووس و پێشکەشکاری ناسراوی ئەمریکایی ڕایگەیاند، ئەگەر ڕێژیمی ئێران تا کۆتاییی خولەکەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەوە بە مانای شکستخواردنی ئەوە.
بەپێی لێدوانەکانی ترامپ لەو وتووێژەدا، واشنگتۆن لە کاتی پێویستدا سڵ ناکاتەوە لە بەکارهێنانەوەی هێزی سەربازی دژی تاران.
سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزەکانیان لە سێ حەفتەی یەکەمی پێکدادانەکاندا بە خێراییەکی زۆر شەڕیان کردووە، ئێستا کۆنتڕۆڵی تەواوی گەرووی هۆرمۆزیان لە دەستدایە و لە پێنج مانگی ڕابردوودا هیچ سەربازێکی ئەمریکایی نەکوژراوە.
ناوبراو وتیشی ئەگەر ببینێت بارودۆخەکە بە ئاراستەی پێچەوانەدا دەڕوات، هەر ئێستا هەنگاوی سەربازی دەنێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترامپ ئاماژەی بە قەیرانە نێوخۆییەکانی ئێران کرد و بەپێی وتەی ئەو، سەرەڕای بانگەشەی بەرپرسانی تاران سەبارەت بە خۆڕاگری، هەڵاوسان گەیشتووەتە ٣٠١ لەسەد، ئابووری داڕماوە و ڕێژیم توانای دانی مووچەی سەربازەکانیشی نییە.
سەبارەت بە هەڕەشە ئەمنییەتییەکان، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئێران مووشەکێکی هەیە دەگاتە ئورووپا و لە ئەگەری فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکادا، ئەو مووشەکەش لەنێو دەبرێت.
ناوبراو جەختی کردەوە کە دەبوو سەرۆککۆمارەکانی پێشوو زووتر ئەو هەڕەشەیە پووچەڵ بکەنەوە، بەڵام ئێستا ئەو ئەرکە لە ئەستۆی ئەودایە.
لە کۆتاییشدا، ترامپ هۆشداریی دا کە لە ئەگەری تێرۆرکردنی هەر بەرپرسێکی باڵای ئەمریکایی لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ئێرانەوە، ڕێژیمی ئێران ماوەیەکی زۆر بەرگە ناگرێت و نامێنێتەوە.