ناوەندی بازرگانیی دەریایی بریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە کەشتییەک لە نزیک کەناراوەکانی ئیمارات و لە دەوروبەری گەرووی هۆرمۆز، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە دەستی بەسەردا گیراوە و بەرەو کەناراوەکانی ئێران دەگوازرێتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کەشتییەک کە لە مەودای ٣٩ مایلی باکووری ڕۆژهەڵاتی بەندەری فوجەیرە لەنگەری گرتبوو، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە هێرشی کراوەتە سەر و ئێستا بەرەو کەناراوەکانی ئێران لە جووڵەدایە.
تا ئێستا وردەکاریی زیاتر سەبارەت بەم ڕووداوە بڵاو نەکراوەتەوە.
گەرووی هۆرمۆز وەک زیندووترین شاڕێگەی وزە لە جیهاندا، بووەتە چەقێکی سەرەکیی ململانێکان؛ چونکە ٢٠ لەسەدی نەوت و گازی سروشتیی جیهان لەم ڕێڕەوە گرنگەوە تێپەڕ دەبێت.
ئەم ڕووداوە ڕێک ئەو کاتە بوو کە دۆناڵد ترامپ لە پێکەن لەگەڵ شی جینپینگ کۆ دەبووەوە. کۆشکی سپی دەڵێت هەردوو سەرۆککۆمار ڕێککەوتوون کە دەبێت گەرووی هۆرمۆز بە کراوەیی بمێنێتەوە تا نەوت و گاز بە ئازادی بگوازرێتەوە؛ هەروەها جەختیان کردووەتەوە کە ئێران بۆی نییە پارە و باج لەو کەشتییانە وەربگرێت کە بەو ڕێڕەوەدا تێپەڕ دەبن.