دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە وتارێکی نوێدا لە فلۆریدا ڕایگەیاند کە هێرشە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران بەردەوامن و ئامانجیان گۆڕینی بنەڕەتیی هاوکێشەکانە.
ترامپ بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی دەکەن، جەختی کردەوە کە هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەو وڵاتە بەتەواوی پەکی کەوتووە.
ئەو دۆخی نێوخۆیی ئێرانی بە "شێواو" ناو برد و وتی: ''ئێمە بەدوای ڕێبەرێکدا دەگەڕێین بۆ گفتوگۆ، بەڵام وادیارە کەس نایەوێت ئەو بەرپرسیارێتییە بگرێتە ئەستۆ.''
ترامپ هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەمریکا لە گەرووی هۆرمۆزدا بە توندی چاودێری هەناردەی نەوت دەکات و بە بڕینی دەمارە دارایییەکان، گوشاری ئابووریی بێوێنەی دروست کردووە. ئەو بە شێوازێکی گاڵتەئامێز وتی کە ئەمریکا ئێستا وەک "دزە دەریایییەکان" دەستی بەسەر نەوتهەڵگرەکاندا گرتووە و ئەمەش وای کردووە ئێران پێگەی خۆی وەک "ملهوڕی ناوچەکە" لەدەست بدات.
هەروەها ترامپ ڕایگەیاند کە بۆ بەردەوامبوونی هێرشە سەربازییەکان پێویستی بە مۆڵەتی کۆنگرە نییە و بڕیاردان لەم بارەیەوە تەنیا لە دەسەڵاتی دەوڵەتەکەیدایە.