ئیدارەکانی پەروەردەی ڕێژیمی ئێران بەخشنامەیەکی نوێیان بەسەر قوتابخانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپاندووە و تێیدا قوتابیانیان ناچار کردووە بەشداری لە کۆبوونەوەی شەوانەی ساختەدا بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندەی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات، ئیدارەکانی پەروەردەی ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕێگەی بەخشنامەیەکی نوێوە، قوتابیانیان ناچار کردووە بۆ وەرگرتنی نمرەی وانەی "ئامادگی دیفاعی"، بە شێوەی گرووپی لە مەیدانی شارەکاندا کۆبوونەوەی شەوانە بۆ پاڵپشتی لە کۆماری ئیسلامی ساز بکەن و وێنە و ڤیدیۆی لێ بگرن.
ئامانجی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی لەم هەنگاوە، دروستکردنی شانۆگەری و پڕوپاگەندەی میدیاییە. ڕێژیم کە لە نێوخۆ و دەرەوەدا تووشی گۆشەگیریی توند بووە، دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم کۆبوونەوە ساختە و ڕەواڵەتییانە، وای نیشان بدات کە گوایە خەڵک لە پشتیەتی و بنکەیەکی جەماوەریی هەیە.
ئەم بڕیارە ناڕەزایەتیی قووڵی بنەماڵەکانی لێکەوتووەتەوە کە ڕەتی دەکەنەوە منداڵەکانیان بببنە کەرەستەی ڕێکلامی ڕێژیم.
بەکارهێنانی زۆرەملێی قوتابییان بۆ نیشاندانی پشتیوانیی ساختە، نیشانەی شکست و داڕمانی کۆماری ئیسلامییە لە کوردستاندا.