کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییەک بۆ پشتگیری لە کوردستان لە فەڕانسە بەڕێوە چوو

09:13 - 27 بانەمەڕ 2726

چالاکییەک لەژێر ناونیشانی "کوردستان دادگاییەک لە دژی جیهان دەکات" بە بەشداریی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی فەڕانسە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ٢٦ی بانەمەڕ، لەسەر بانگێشتی هاوبەشی ئەنجومەنی پارێزەرانی فرانکۆ-کورد و ئەنجومەنی "Beaux Parleurs"، هاوڕێ "کانی جەهانگیری" نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فەڕانسە، لەو چالاکییەدا کە لە شاری "سانت ئۆوێن" ڕێکخرابوو، بەشداریی کرد.

لە سەرەتای بەرنامەکەدا، سەرۆکی شارەوانیی ناوچەکە پشتیوانیی خۆی بۆ گەلی کورد ڕاگەیاند و ئاماژەی بە چەوسانەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کرد.

ئەم چالاکییە بە شێوازی "دادگاییەکی خەیاڵی" بۆ خستنەڕووی ستەمە مێژوویی و ژێئۆپۆلیتیکییەکان دژی گەلی بێدەوڵەتی کورد ڕێک خرابوو. تێیدا وتار و گفتوگۆ لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و بەرپرسیاریەتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشکەش کران.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەم چالاکییەدا، وەک دەنگی ڕەوای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشدار بوو و لەگەڵ چەندین چالاکی سیاسی، بارودۆخی کوردستان و ئێرانی تاوتوێ کرد.