کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازاڕی ڕەشی ئینتێرنێتی پرۆ؛ قۆرخکاری و گەندەڵیی سیستماتیکی ڕێژیم لە ئێران

09:15 - 27 بانەمەڕ 2726

لە کاتێکدا ئینتێرنێتی گشتی لە ئێران بە بیانووی شەڕەوە بڕدراوە، ڕاپۆرتەکان باس لە سەرهەڵدانی بازاڕێکی ڕەش و گەندەڵییەکی بەربڵاو لەژێر ناوی "ئینتێرنێتی پرۆ" دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیا نێوخۆیییەکان، ڕێژیمی ئێران ماوەی ٧٧ ڕۆژە ئینتێرنێتی لە خەڵک بڕیوە، بەڵام لە بەرانبەردا ئۆپەراتۆرەکان (هەمراهی ئەوەڵ، ئێرانسێل و ڕایتل) لە ڕێگەی دەڵاڵانەوە، ئینتێرنێتێکی نایاسایی و گران بە ناوی "پرۆ" بە میلیۆنها تمەن بە هەندێک لە چین و توێژەکان دەفرۆشن.

لەم بازاڕە شوومەدا، دەڵاڵان بە وەرگرتنی بەرتیل لە ٤٠٠ هەزار تا ٦ میلیۆن تمەن، ناوی هاووڵاتییان وەک کارمەندی شیرکەتەکان تۆمار دەکەن تا مۆڵەتی کڕینی پاکێجە گرانبەهاکان بەدەست بهێنن.

نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم دانی بەوەدا ناوە کە شێوازی فرۆشتنی ئەم ئینتێرنێتە، بەپێی پەسندکراوی شورای باڵای ئەمنییەتی میللی بووە و ئێستا بووەتە هۆی گەندەڵییەکی سیستماتیک و سەرچاوەیەک بۆ داهاتی ئۆپەراتۆرەکان.

ڕێژیمی ئێران لە ٩ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە بە بیانووی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئینتێرنێتی پچڕاندووە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ٧٧ ڕۆژ، هێشتا پچراوە، بەم دواییانە ئۆپەراتۆرەکان لەژێر ناوی "پرۆ"دا دەستیان بە تۆمارکردن و فرۆشتنی ئینتێرنێتی گرانبەها بە هەندێک لە چینەکانی کۆمەڵگە کردووە، کە ئەمەش کاردانەوەی بەربڵاوی لێکەوتووەتەوە.