کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی و بێکاری گوشارێکی بێوێنەی خستووەتە سەر خەڵکی کوردستان

09:18 - 27 بانەمەڕ 2726

بازاڕەکانی شارەکانی کوردستان بەدەست سستی و بێکاریی بەربڵاوەوە دەناڵێنن و پەرەسەندنی گرانی لەپاڵ مەترسییەکانی شەڕخوازیی ڕێژیم، گوشارێکی بێوێنەی خستووەتە سەر بژێویی هاووڵاتییان.

بەپێی ڕاپۆرتەکان بازاڕەکان چۆڵتر لە هەمیشەن، کارگە و ناوەندە بەرهەمهێنەرەکان یەکە یەکە ناچار بە کەمکردنەوەی هێزی کار بوون و بنەماڵەکانیش بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانیان، ناچار بوون لە خەرجییەکانی خۆراک، دەرمان و گوزەرانیان کەم بکەنەوە.

لە شارەکانی کوردستان، گێڕانەوەی خەڵک لە گرانی تەنیا باسێک لە بەرزبوونەوەی نرخەکان نییە؛ بەڵکوو چیرۆکی تێکشکان و داڕمانی قۆناغ بە قۆناغی ژیانیانە لەژێر قورسایی تێچووەکاندا، لە کاتێکدا داهاتەکان تەنانەت بەشی نیوەی مانگیش ناکەن.

سێبەری گرانی و بێکاری لەم ڕۆژانەدا، هاوشانی نیگەرانییەکان لە دەرئەنجامەکانی سیاسەتی شەڕخوازی کۆماری ئیسلامی، بە قورسی نیشتووەتە سەر شانی خەڵکەوە. بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، لە پاڵ دابەزینی هێزی کڕین و سستیی بازاڕ، زۆربەی بنەماڵەکانی لە تێکۆشان بۆ مانەوە و دابینکردنی بژێوی سەرەتایی چارەڕەش کردووە.

ئەم دۆخە نالەبارە ئابوورییە ئەگەرچی لە سەرانسەری وڵاتدا هەستی پێدەکرێت، بەڵام لە شارە بچووک و پەراوێزخراوەکانی کوردستاندا، بەهۆی نەبوونی دەرفەتی کار و ناسەقامگیریی داهاتەکان، گوشارەکان کارەساتبارتر بوونەتەوە و توندبوونی ململانێی خەڵک بۆ مانەوە و بەگژداچوونەوەی ئەم بێدادییە سیستماتییکەی لێکەوتووەتەوە.