سەرۆکی گشتیی بەناو دادوەریی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند کە فەرمانی دەسبەسەرداگرتنی دارایی و مۆڵکی ١٢٩ هاووڵاتی لەم پارێزگایەدا بە تۆمەتی "چالاکیی دژە ئەمنییەت" و هاوکاری لەگەڵ "وڵاتانی دوژمن" دەرکراوە.
ناسر عەتەباتی لەم بارەیەوە ئیدیعای کرد کە ئەم کەسانە بەکرێگیراوی دوژمنن و فەرمانی دەسبەسەرداگرتنی داراییەکانیان بە پشتبەستن بە تۆمەتگەلێکی وەک چالاکیی دژی ئەمنییەت و هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی نەیاردا دەرکراوە.
سەرۆکی گشتیی دادوەریی ورمێ ئەم هاووڵاتییانەی بە کەسانی سەر بە دوژمن ناو برد و ڕایگەیاند کە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەوان، میدیا دژبەرەکان و لایەنە پێوەندیدارەکانی سەر بە دوژمن بەردەوام دەبێت.
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هیچ ئاماژەیەکی بە شوناسی ئەو هاووڵاتییانە نەکردووە و هیچ زانیارییەکی وردی لەوبارەوە نەخستە ڕوو.
ئەم بڕیارە دوای ئەوەیە کە دوای دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای بەناو دادوەریی ئەو ڕێژیمە ڕایگەیاندبوو کە فەرمانی دادوەری بۆ زەوتکردن و دەسبەسەرداگرتنی دارایی کەسانی هاوکار لەگەڵ دوژمن لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات دەرکراوە.
ئێژەیی تەنانەت هەڕەشەی لەسێدارەدانی لەو کەسانە کرد و وتی: "یەکێک لە سزاکانی دیاریکراو لەم دۆسییانەدا سێدارەیە."