کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان سەرەڕای درێژکردنەوەی ئاگربەست

09:27 - 27 بانەمەڕ 2726

ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ٢٦ی بانەمەڕ، سەرەڕای درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ لوبنان، شەپۆلێکی بەربڵاو لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر باشووری ئەو وڵاتە دەست پێ کرد.

ئەم هێرشانە دوای دەرکردنی ئاگادارکەرەوەی چۆڵکردن بۆ ٩ گوند ئەنجام دران.

هەواڵدەریی فەرمی لوبنان (NNA) ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە هێرش کراوەتە سەر زیاتر لە ٢٠ گوند. ئەم هەواڵدەرییە هەروەها ئاماژەی بە شەپۆلێکی نوێی کۆچی دانیشتووانی لوبنان بەرەو شارەکانی "سەیدا" و "بەیرووت" کرد.

حیزبوڵڵای لوبنانیش لە کۆتاییەکانی ڕۆژی شەممەدا ڕایگەیاند کە هێرشی کردووەتە سەر ئامانجێکی سەربازی لە باکووری ئیسرائیل.

هەر دوو وڵات ڕۆژی هەینی لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژی دیکە ڕەزامەندییان دەربڕی ، کە لە ١٧ی ئاوریلەوە دەستی پێکردووە بەڵام پێشێلکاریی زۆری بەخۆوە بینیوە.