کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی سیستمی پەروەردە و بارهێنان لە کوردستان و بەکارهێنانی میدیا فەرمییەکانی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران، سیاسەتی بەسەربازکردنی کۆمەڵگە و دەستدرێژی دژی وڵاتانی ناوچەکەی چڕتر کردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، قوتابییانی ناچار کردووە کە بۆ وەرگرتنی نمرەی وانەی "ئامادگی دفاعی"، بە شێوەی گرووپی بەشداری لە ڕێوڕەسمە شەوانەکانی ڕێژیمدا بکەن و وەک بەشێک لە تاقیکردنەوەکەیان، وێنە و ڤیدیۆی بەشدارییەکەیان ڕادەستی قوتابخانە بکەن.
ئەم سیاسەتە ئامرازییە کە تەنانەت لە شارێکی وەک سەقز بە فەرمی بە قوتابییان ڕاگەیەندراوە، نیشاندەری هەوڵی ڕێژیم بۆ سەپاندنی بیرۆکە ئایدئۆلۆژییەکانی بەسەر منداڵان و مێرمنداڵاندایە.
هاوکات لەگەڵ ئەم گوشارانە لە ناوەندەکانی خوێندندا، میدیا فەرمییەکانی سەر بە ڕێژیمیش بوونەتە سەکۆی بڵاوکردنەوەی توندوتیژی. لە تازەترین نموونەدا، کاناڵی "ئوفوق" کە سەر بە سپای پاسدارانە، لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆدا مەشقی بەکارهێنانی چەکی کڵاشینکۆفی پێشکەش کردووە و پێشکەشکاری بەرنامەکەش تەقە لە ئاڵای وڵاتی "ئیمارات" دەکات.
ئەم دوو ڕووداوە هاوکاتە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆدا لە ڕێگەی سیستمی پەروەردەوە خەریکی گوشارهێنان و بەئایدئۆلۆگکردنی زۆرەملێی قوتابییانە و لەسەر ئاستی دەرەوەش، لەسەر سیاسەتی شەڕخوازی و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە بەردەوامە.