کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزی ڕووسیە: ئەگەری هەیە شەڕ لە ڕۆژەکانی داهاتوو دەست پێبکاتەوە

12:26 - 27 بانەمەڕ 2726

میخائیل ئۆلیانۆف، باڵیۆزی ڕووسیە لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی ڤییەن ڕایگەیاند کە ئەگەری هەیە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا هێرشی نوێ بکرێتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ئۆلیانۆف لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "شارەزایانی ڕۆژاوایی پێیان وایە ئەمریکا و ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، ئەگەر نەڵێین لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، هێرشە سەربازییەکانیان بۆ سەر ئێران دەست پێ دەکەنەوە."

ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندبوو ڤلادیمیر پووتین پێشنیاری یارمەتیدانی لە دۆسییەی پیتاندنی ئۆرانیۆمی ئێراندا پێ کردووە، بەڵام ئەو پێی باشتر بووە ڕووسیە لە جیاتی ئەوە، کۆتایی بە شەڕی ئۆکراین بهێنێت.

ترامپ بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕێگە نادات ڕێژیمی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هۆشداریی دابوو کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئاگربەستدا کەرەستەی سەربازیی لە کۆگا هێنابێتە دەرەوە، شوێنەکەیان دەزانن و لە ١٥ خولەکی یەکەمی هێرشەکەدا لەنێوی دەبەن.