کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێستگەی ئەتۆمی "بەراکە"ی ئیمارات بە دڕۆن کرایە ئامانج

14:15 - 27 بانەمەڕ 2726

بەرپرسانی ئیمارات ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی بانەمەڕ ڕایانگەیاند کە هێرشێکی دڕۆنی بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە نزیک وێستگەی ئەتۆمیی "باراکە" لە ناوچەی زەفرەی ئەبووزەبی. بەپێی ڕاگەیاندنی کاربەدەستانی ئەم وڵاتە، ئەو ڕووداوە هیچ زیانێکی گیانی یان دزەکردنی تیشکی لێ نەکەوتووەتەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەبووزەبی لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد کە ئاگرەکە لە ژێنێراتۆرێکی کارەبا لە دەرەوەی سنووری نێوخۆیی وێستگەی ئەتۆمیی بەراکە ڕووی داوە و تیمەکانی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.

هاوكات ڕێکخراوی فیدراڵیی ڕێساکانی ئەتۆمیی ئیمارات جەختی کردەوە کە ئەم ڕووداوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر سەلامەتیی وێستگەکە یان کارکردنی سیستمە سەرەکییەکانی نەبووە و سەرجەم یەکەکان بە شێوازی ئاسایی کار دەکەن.

ئەمە یەکەمین جارە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەم دواییەی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، وێستگەی ئەتۆمیی چوار ڕاکتۆریی براکە دەکرێتە ئامانج.

ئەم وێستگەیە کە دەکەوێتە ڕۆژاوای ئەبووزەبی و لە نزیک سنووری عەرەبستان، بە تێچووی نزیکەی ٢٠ میلیارد دۆلار و بە هاوکاریی کۆرەی باشوور دروست کراوە و لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەستراوەتەوە بە تۆڕی کارەبای ئیماراتەوە؛ ئەم ناوەندە یەکەم و تاقە وێستگەی ئەتۆمیی چالاک لە نیمچەدوورگەی عەرەبستانە.

تا ئێستا هیچ گرووپ یان وڵاتێک بەرپرسیارییەتیی ئەم هێرشە دڕۆنییەی نەگرتووەتە ئەستۆ و بەرپرسانی ئیماراتیش لە بەیاننامە فەرمییەکانیاندا ئاماژەیان بە هیچ لایەنێک نەکردووە وەک هۆکاری هێرشەکە.