هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی ئاڵۆزییە سەربازییەکان، کەرتی کشتوکاڵ و دابینکردنی بژێو لە ئێران تووشی قەیرانێکی قووڵ بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئیلنا" و داتاکانی ڕێکخراوی "فاو"، بەرهەمهێنانی گەنم لە نێوخۆی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و ڕێژیمیش توانای نییە قەرزەکانی جووتیاران بداتەوە.
بەرپرسی دامەزراوەی گەنمکارانی ئێران ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر دەستپێکی دروێنە لە پارێزگاکانی باشوور، حکوومەت هیچ پارەیەکی بە جووتیاران نەداوە.
لەلایەکی تریشەوە، ئامارەکانی کۆمپانیای "کێپلێر" و هەواڵدەریی "بلۆمبێرگ" نیشانی دەدەن کە هاوردەکردنی گەنم و دانەوێڵە لە مانگی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٤٠ لەسەد دابەزیوە.
ئەم پەککەوتنە لە کاتێکدایە کە ئێران بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی نێوخۆ بە توندی پشت بە هاوردەکردن لە وڵاتانی ڕووسیە، تورکیە و ئیمارات دەبەستێت.
ئێران ساڵانە بە بەهای ١٧ ملیار دۆلار بەرهەمی کشتوکاڵی هاوردە دەکات کە بەشێکی بەرچاوی لە دانەوێڵە پێکدێت و نزیکەی یەک لەسەر سێی پێداویستیی گەنمی ئێران لە ڕێگەی هاوردەکردنەوە دابین دەکرێت.
داخرانی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وەک هۆکاری سەرەکیی پەککەوتنی هاوردەکردنی گەنم و خۆراکی ئاژەڵ لەقەڵەم دەدرێت، کە ئەمەش مەترسیی گرانیی نان و گۆشت و کەمیی خۆراکی لە مانگەکانی داهاتوودا زیاتر کردووە.