کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی واحید سوڵتانی

15:42 - 27 بانەمەڕ 2726

لەکاتێکدا کە شەپۆلی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دژی هاووڵاتییانی کورد بەردەوامە، چارەنووسی لاوێکی خەڵکی پیرانشار دوای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ڕۆژی هەینی ١٨ی بانەمەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بە شێوازێکی توندوتیژانە و بەبێ بەڵگەی یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی "واحید سوڵتانی"، لاوی تەمەن ٢١ ساڵ لە گوندی "خوریج"ی سەر بە شاری پیرانشار و دەسبەسەریان کردووە.

هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم دوای قۆڵبەستکردنی، ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم گەنجە سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوتوویەک بەسەر ڕفاندنیدا، تا ئێستا لە سەرەتاییترین مافەکانی وەک پەیوەندیی تلفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.

هەنگاو جەختی کردەوە کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەو گەنجە کوردە، لەبەر دەستدا نییە.