کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی گردبوونەوەیک بۆ مەحکوومکردنی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە واشنگتۆن دی‌سی

21:54 - 27 بانەمەڕ 2726

ڕۆژی شەممە، ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٥، لە پارکی سێنای واشنگتۆن دی‌سی، گردبوونەوەیەک بۆ مەحکوومکردنی دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەڕێوە چوو.

پارکەکە بە وێنەی شەهیدانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان ڕازابوویەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی کورد، دیپلۆماتە ئەمریکییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و دۆستانی نەتەوەی کورد بەشدارییان لەم گردبوونەوەیەدا کرد.

لەم گردبوونەوەیەدا ژمارەیەک کەسایەتی، ئەندامی کۆنگرێس و نوێنەری لایەنە بەشداربووەکان، پەیامی خۆیان پێشکەش کرد کە بریتی بوون لە: پاتریک کێنێدی (ئەندامی کۆنگرێس)، ⁠مریەم رەجەوی (ڕێبەری سازمانی موجاهدین)، کارلا سەنز(سەفیری پێشووی ئەمریکا)، هەژار برنجی (نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا)، جەنەرال وەسلی کڵارک و روودی جوولیانی.

هەژار برنجی لە پەیامەکەی خۆیدا وێڕای ئاماژە بەوەی کە کۆماری ئیسلامی چاکسازی هەڵ ناگرێت و جێگای متمانە نییە، باسی لەوە کرد کە ئەم ڕێژیمە، ڕێژیمێکی تێرۆرپەروەر، لەسێدارەدان‌تەوەر و دژەمرۆڤییە و تەنیا ڕێگەچارە، ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە.

ناوبراو ئاوڕێکی لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دایەوە و وتی: ئێمە بۆ ئێرانێکی ئازاد ڕاوەستاوین. بۆ ئێرانێکی دێموکراتیک، سێکولار و فێدراڵ.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: نەتەوەی کورد بۆ سەر داهاتووی ئێران هەڕەشە نییە بەڵکوو دەرفەتێکە. کوردستان کێشەی ئێران نییە بەڵکوو بەشێکە لە ڕێگەچارەی ئێران.

برینجی بە ئاماژە بە مێژووی ٨٠ ساڵەی حیزبی دێموکرات ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ دێموکراسی، سێکولاریزم، یەکسانیی ژن و پیاو، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مافە نەتەوەییەکانی نەتەوەی کورد خەباتی کردووە.

نااوبرااو لە درێژەدا وتی: ئێمە دەزانین ئازادی بۆ ئێوە تەنیا دروشمێک نییە؛ ئازادی بۆ ئێوە مەترسی، تێچوو و فیداکارییە و بە هەموو هێزە دێموکراتیکەکانی بەشدار لەم کۆبوونەوەیەدا،  بە ڕێکخەران، بە لایەنگرانی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێران، بە کۆماریخوازان، بە چالاکانی مافی ژنان، بە بەندکراوانی سیاسیی پێشوو، بە کوردەکان، بەلووچەکان، عەرەبەکان، ئازەرییەکان و هەموو ئازادیخوازان، دەڵێم: لەوانەیە ئێمە لە ڕێگای جیاوازەوە هاتبێتیین، برینی جیاوازمان هەبێت، بەڵام ئەمڕۆ لە بەرامبەر دوژمنێکی هاوبەشدا ڕاوەستاوین و هێڵە سوورەکانمان دەبێت ڕوون بن: نەخێر بۆ کۆماری ئیسلامی.

دوایین بڕگەی ئەم گردبوونەوەیە ڕێپێوانێک بوو کە بە بەشداریی ئامادەبووان بەڕێوە چوو.