کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشت و مریشک لە سفرەی خانەنشینان سڕدراوەتەوە

10:29 - 22 خەزەڵوەر 2726

قەیرانی قووڵی بژێوی و هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر لە ئێران، ژیانی خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی گەیاندووەتە لێواری داڕمان. لە کاتێکدا تێچووی ڕاستەقینەی سەبەتەی گوزەرانی بنەماڵە لە سنووری ٩٠ ملیۆن تمەن تێپەڕیوە، مووچەی کەم و نادیاری ١٣ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنیی خانەنشینان بووەتە هۆی ئەوەی کە پێداویستییە سەرەکییەکان وەک گوشت و مریشک بە تەواوی لە سفرەی ئەم چینە بسڕێنەوە؛ دۆخێک کە خانەنشینان بەهۆی بازدانی بێوێنەی نرخی دۆلار، سیاسەتە هەڵە ئابوورییەکان و نەبوونی توانایی ئاشکرای دەسەڵات لە کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکانی دەزانن.

بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان، بەڵێنە دووبارەکانی بەرپرسانی ڕێژیم و وەزارەتی کار بۆ نۆژەنکردنەوەی مووچە و زیادکردنی پشکی کاڵابەرگ لە نیوەی دووهەمی ساڵدا، هەموویان پشتگوێ خراون و فەرامۆش کراون. هاوکات، گەشەی بێوێنە و کۆنتڕۆڵنەکراوی نرخی دراو، بەهای هەموو کاڵا سەرەکییەکان و کەرەستە خۆراکییەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ گرانتر کردووە؛ بە جۆرێک کە نرخی کاڵاکانی وەک پەتاتە و تەماتە گەیشتووەتە ئاستێکی نجوومی و توانای کڕینی خانەنشینانی بە تەواوی لەناو بردووە.

شارەزایانی ئابووری پێیان وایە کە بێتوانایی پێکهاتەیی دەسەڵات لە بەڕێوەبردنی بازاڕی دراو و پشتگوێخستنی دۆخی بژێوی وەرگرانی مووچەی جێگیر، هەژاریی گشتیی قووڵتر کردووەتەوە. لەو دۆخەی کە هەڵاوسانی ساڵانە و خاڵبەخاڵ ژمارەی بێوێنەیان تۆمار کردووە، بەردەوامیی بێدەنگیی دەسەڵات و جێبەجێکنەکردنی بڕیارە یاساییەکان سەبارەت بە پێداچوونەوە بە مووچەکاندا، خانەنشینانی لەناو گرانبوونی دڕندانەدا بە تەواوی بێپەنا هێشتووەتەوە.