کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەشیمەتی ئێران لە بەردەم مەترسیی داڕمان و دابەزین بۆ ٣١ میلیۆن کەسدایە

10:04 - 22 خەزەڵوەر 2726

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دان بەوەدا دەنێن کە بەهۆی قەیرانی قووڵی ئابووری، هەڵاوسان و تێچووی زۆری ژیان، ڕێژەی وەچەخستنەوە و هاوسەرگیری لە ئێراندا بە شێوەیەکی مەترسیدار دابەزیوە و ئەگەری هەیە حەشیمەتی وڵات بۆ ٣١ میلیۆن کەس کەم ببێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکوومەتیی "ئیلنا"، مەرزییە وەحید دەستجێردی، بەرپرسی ستادی میللیی حەشیمەتی ڕێژیم، ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی گشتیی وەچەخستنەوە لە ساڵی ١٤٠٤دا گەیشتووەتە ١.٣٤ منداڵ بۆ هەر ژنێک؛ لە کاتێکدا بۆ پاراستنی حەشیمەتی ئێستا، ئەم پێوەرە دەبێت زیاتر لە ٢.١ بێت.

ناوبراو بە پشتبەستن بە خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریی داوە کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم ڕەوتە، حەشیمەتی ئێران لە ماوەی ٧٥ ساڵی داهاتوودا بۆ ٣١ میلیۆن کەس دادەبەزێت.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر، تێچووی زۆری خانوبەرە، دواکەوتنی هاوسەرگیری و کێشەی ژنانی کارمەندی وەک هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم قەیرانە ناوزەد کردووە؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی لەجیاتی چارەسەرکردنی بژێوی خەڵک، بودجەی وڵات بۆ شەڕخوازی و سەرکوتکاری تەرخان دەکات.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ئێستادا نزیکەی ١٤ میلیۆن کەس لە تەمەنی هاوسەرگیریدا سەڵتن و ئاماری هاوسەرگیریش لە ٩٠٠ هەزار حاڵەتەوە لە ساڵی ١٣٨٩دا، بۆ تەنیا ٤٣١ هەزار حاڵەت لە ساڵی ١٤٠٤دا دابەزیوە.

هاوکات هۆشداری دراوە کە پشکی بەساڵاچووانی سەرووی ٦٠ ساڵ لە ١٣ لەسەدەوە تا ساڵی ١٤٣٠ بۆ ٣٢ لەسەد بەرز دەبێتەوە، کە ئەمەش قەیرانێکی قووڵی کۆمەڵایەتی و ئابووری بەدوای خۆیدا دەهێنێت.