لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی سەر بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی ڕێژیم لە ناوچەی سیریکی پارێزگای هۆرموزگان، سپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا بانگەشەی کرد کە ڕاداری هۆشداریی پێشوەختەی ئەرتەشی ئەمریکای لە بەحرەین تێکشکاندووە.
بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، سپای تێرۆریستیی پاسداران ڕایگەیاند کە لە وڵامی هێرشە ئاسمانییەکەی شەوی پێنجشەممە بۆ سەر دەکەڵێکی پەیوەندییەکان لە ناوچەی سیریک، ناوەندێکی ڕاداریی ئەمریکای لە بەحرەین کردووەتە ئامانج.
سپا لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، هێرشە بانگەشەبۆکراوەکەی بۆ سەر بەحرەین وەک هۆشدارییەک بۆ ئەمریکا ناو بردووە، تاکوو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان و ئەوەی کە بە "قاچاقی نەوت" لە گەرووی هورموزدا ناوی دەبات، ڕابگرێت؛ هاوکات هەڕەشەی لەو کۆمپانیایانەش کردووە کە هاوکاریی ئەمریکا دەکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە کە تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، نە واشنگتۆن و نە مەنامە ئەم بانگەشەیەی ڕێژیمیان پشتڕاست نەکردووەتەوە و هیچ بەڵگەیەک سەبارەت بە زیانە ئەگەرییەکان لەبەر دەستدا نییە.
ئەم هەڵوێستەی سپای پاسداران دوای ناکۆکی و چەواشەکارییەکانی میدیاکانی نێوخۆی ڕێژیم دێت؛ بە جۆرێک کە سەرەتا هەواڵدەریی "فارس"ی سەر بە سپا، دەنگی تەقینەوەکانی ناوچەکەی بە "تەقەی هۆشداری بۆ سەر کەشتییە سەرپێچیکارەکان" لە قەڵەم دا، بەڵام دواتر هەواڵدەریی "ئیرنا" ناچار بوو پێکرانی ئامانجە سەربازییەکانی سیریک پشتڕاست بکاتەوە.
ناوچەی سیریک بەهۆی جێگیرکردنی کەرەستە سەربازی و سیخوڕییەکانی سپای پاسداران تێیدا، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار بووەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا.
لە مانگەکانی جۆزەردان و پووشپەڕی ئەمساڵیشدا، ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا (سێنتکام) دامەزراوە ڕاداری و پەیوەندییەکانی سپای لە سیریک و قشم تێک شکاندبوو.