کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێلژیک بەڵگەی نوێی لەسەر دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێران لە هێرشە سایبێرییەکانی ئورووپا ئاشکرا کرد

10:24 - 22 خەزەڵوەر 2726

وەزیری نێوخۆی بێلژیک ڕایگەیاند کە دەزگا ئەمنییەتییەکانی وڵاتەکەی بەڵگەیان لەبەر دەستدایە کە پەیوەندیی نێوان هێرشە سایبێرییەکانی سەر سیستەمی ساردکەرەوەی فرۆشگا زنجیرەییەکانی ئەو وڵاتە و دەستوپێوەندە ناسراوەکانی کۆماری ئیسلامی دەسەلمێنێت.

"بێرنارد کوئێنتین"، وەزیری نێوخۆی بێلژیک، ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی خەزەڵوەر، بە هەواڵدەریی "بێلگا"ی ڕاگەیاندووە کە خزمەتگوزارییە ئەمنییەتییەکانی ئەو وڵاتە زانیاری و بەڵگەیان دەست کەوتووە کە نیشانی دەدات هێرشە سایبێرییەکان بۆ سەر سیستەمی ساردکەرەوەی فرۆشگاکانی ئەو وڵاتە، پەیوەندییان بە گرووپ و کەسایەتییە ناسراوەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە هەیە.

هاوکات "ماکسیم پرێڤۆ"، وەزیری دەرەوەی بێلژیک ئاماژەی بەوە کردووە کە لێکۆڵینەوەکان بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەی تەواو بە مەبەستی ڕاگەیاندنی فەرمیی تێوەگلانی ئێران لەو هێرشانەدا بەردەوامن.

پێشتر وڵاتی فەرانسەش بە فەرمی سپای پاسدارانی وەک بەرپرسیاری سەرەکیی ئەم هێرشە سایبێرییە تێکدەرانانە ناساندبوو و هەڕەشەی سەپاندنی سزای نوێی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا کردبوو.

یەکەمین شەپۆلی ئەم پەلامارە سایبێرییانە لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا دەستی پێکرد و سیستەمی ساردکەرەوەی نزیکەی ٧٠٠ فرۆشگای لە فەرانسە و دواتر لە وڵاتانی بێلژیک، سوید و ئاڵمان کردە ئامانج، کە بووە هۆی تێکچوونی یەخچاڵەکان و خراپبوونی بڕێکی زۆر لە خۆراک.

ئەمە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، وەک هەمیشە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارییەتیی کردەوە تێکدەرانەکانی لە دەرەوەی سنوورەکان، ئەم بەڵگە و تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.