کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئەگەر ئێران بەخێرایی ڕێک نەکەوێت، لەنێو دەچێت

21:59 - 27 بانەمەڕ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە هۆشداریی دا کە ئێران کاتێکی زۆری لەبەردەستدا نییە و ئەگەر بەپەلە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا هەنگاو نەنێن، هیچ شتێکی لێ نامێنێتەوە.

ئەو لە پەیامێکی کورتدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ، نووسیویەتی: "بۆ ئێران، کات خەریکە تەواو دەبێت و باشترە زۆر بەخێرایی کار بکەن، ئەگەرنا هیچ شتێکیان لێ نامێنێتەوە. کات زۆرهەستیار و گرنگە!"

سەرۆککۆماری ئەمریکا چەند خولەکێک دوای ئەم پەیامە، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" جارێکی دیکە هەڕەشەکانی دووبارە کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەگەری هەیە تاران "لێدانی زۆر قورستر" لە پێشوو بچێژێت.

 ترامپ وتی: "ئێمە دەمانهەوێت بگەینە ڕێککەوتن، بەڵام ئەوان هێشتا نە هاتوونەتە سەر ئەو پێگەیەی کە ئێمە دەمانهەوێت. یان دەبێ بێنە سەر مێزی دانوستان یان لێدانێکی زۆر توند دەخۆن، کە بێگومان خۆشیان حەز بە دۆخێکی ئاوا ناکەن."