کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕادان: لە دەستپێکی شەڕەوە زیاتر لە ٦هەزار کەسمان دەسبەسەر کردووە

22:07 - 27 بانەمەڕ 2726

ئەحمەدڕەزا ڕادان، فەرماندەی هێزەکانی ئینتزامی ڕێژیمی ئێران بەفەرمی ڕایگەیاند کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە، هێزەکانیان ٦هەزار و ٥٠٠ کەسیان لە سەرانسەری ئیراندا دەسبەسەر کردووە.

ئەم کاربەدەستەی ڕێژیم بە مەبەستی ڕەوایی‌دان بە سەرکوتکارییەکانیان، تۆمەتی باوی وەک "نیشتمانفرۆش و سیخوڕ"ی وەپاڵ ئەو کەسانە داوە؛ تۆمەتگەلێکی چەواشەکارانە کە پارێزەران و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جەخت دەکەنەوە کۆماری ئیسلامی تەنیا وەک ئامرازێک بۆ کپکردنی دەنگی خەڵک و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بەکاریان دەهێنێت.

هاوكات، فەرماندەی هێزەکانی ئینتزامی ڕێژیم دانی بەوەدا ناوە کە شەپۆلی گرتن و دەسبەسەرکردنی هاونیشتمانییان لە پێوەندی لەگەڵ ڕاپەڕین و خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوودا هێشتا بەردەوامە و دەزگا ئەمنییەتییەکان دژی هاووڵاتییان خەریکی دۆسییەسازیی بەربڵاون.