ئیدارەی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری بۆکان، شەپۆلێکی بەربڵاو لە هەڕەشەی تەلەفۆنی و گوشاریان دژ بە هونەرمەندان، گۆرانیبێژان و چالاکانی بواری مۆسیقای ئەو شارە دەست پێکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا'' ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم هۆشداریی داوە کە خوێندنی گۆرانی و ئاوازی حەماسی و ناسنامەخوازانەی کوردی بە تەواوی قەدەغەیە، چونکە ئەو بەرهەمانە وەک "دژە ئینقلاب" پێناسە دەکرێن و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی گرتن و سزای قورسی ئەمنییەتی دەبنەوە.
ئەم شەپۆلە نوێیەی هەڕەشانە ڕاستەوخۆ دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی ٢١ی بانەمەڕ، هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناسراوی بۆکانی، "سەید عەلی قوڕەیشی"، بە شێوازێکی خۆسەرانە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا.
سەرەڕای تێپەڕبوونی حەفتەیەک بەسەر گرتنیدا، ناوبراو هێشتا لە شوێنێکی نادیاردا ڕاگیراوە و لە مافی چاوپێکەوتن و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە؛ هاوکات هێزە ئەمنییەتییەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، بنەماڵەکەشیان خستووەتە ژێر گوشار و هەڕەشەوە.
سەید عەلی قوڕەیشی، کارمەندی خانەنشینکراوی ئیدارەی موخابەراتی بۆکان و یەکێک لە دەنگبێژە ناسراوەکانی ناوچەکەیە کە ساڵانێکی درێژە لە بواری پاراستنی مۆسیقای فۆلکلۆر و ڕەسەنی کوردیدا چالاکی دەکات.