کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ بۆ تاوتوێکردنی بژاردە سەربازییەکان دژی ئێران کۆ دەبێتەوە

09:06 - 28 بانەمەڕ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، بڕیارە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ ڕاوێژکارە باڵاکانی ئەمنییەتی میللی وڵاتەکەی بە مەبەستی تاوتوێکردنی بژاردە سەربازییە ئەگەرییەکان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە "ژووری بەڕێوەبردنی قەیرانەکان" (Situation Room) کۆ ببێتەوە.

ئەم کۆبوونەوەیە کە بۆ یەکەمجار لەلایەن ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ەوە ئاشکرا کراوە، لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە ترامپ لە کۆتایی حەفتەی ڕابردوودا گوشارەکانی بۆ سەر تاران توندتر کردووەتەوە.

ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە هۆشداریی دابوو کە کات بۆ ئێران لە بەسەرچووندایە و ڕایگەیاندبوو ئەگەر سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەجێ هەنگاو نەنێن، هیچ شتێکیان لێ نامێنێتەوە.

پێدەچێت ئەمریکا و ئێران گەیشتبێتنە بنبەستێکی تەواو، بەتایبەت دوای ئەوەی ترامپ دوایین وڵامی تارانی بۆ پێشنیاری ئاشتیی ئەمریکا بە "تەواوی قەبووڵنەکراو" ناو برد و ڕایگەیاند کە پڕۆسەی ئاگربەستەکە لە "دۆخی بەپەلە و نائاساییدایە".