کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە سێ دڕۆن هێرش کرایە سەر خاکی عەرەبستان

09:08 - 28 بانەمەڕ 2726

وەزارەتی بەرگریی عەرەبستان شەوی یەکشەممە ٢٧ی بانەمەڕ لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند کە هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە سێ دڕۆنیان تێکسكاندووە کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کرابوون.

تورکی ئەلمالیکی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عەرەبستان، جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی مافی وڵامدانەوەی ئەم هێرشانە لە کات و شوێنی گونجاودا بۆ خۆی دەپارێزێت.

ئەم هێرشە هاوکات بوو لەگەڵ هێرشێکی هاوشێوە بۆ سەر ئیمارات کە تێیدا وێستگەی ئەتۆمیی "بەراکە" لە ڕۆژاوای ئەبووزەبی کرایە ئامانج؛ لەو هێرشەشدا لە سێ دڕۆن کەڵک وەرگیرابوو کە پاش تێکشکاندنی دووانیان، دڕۆنی سێیەم بەر ژێنێراتۆرێکی کارەبا لە دەرەوەی ناوچەی ئەمنییەتیی وێستگەکە کەوتبوو.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدا دێن کە لە دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ چین، ئاستی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کەنداودا گەیشتووەتە لووتکە و میدیا ڕۆژاواییەکان هۆشداری لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی پێگە و بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدەن.