لیندسی گراهام، سێناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا، داوای لە دۆناڵد ترامپ کرد کە بۆ ناچارکردنی تاران بە قەبووڵکردنی مەرجەکانی واشنگتۆن لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا، هێرشکردنە سەر ژێرخانە وزەییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بخاتە پێش کارەکانیەوە.
ئەم سێناتۆرەی ئەمریکا لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی "ئێن بی سی" ڕایگەیاند: "ژێرخانی وزە خاڵی لاوازی ئێرانە؛ ئەگەر جارێکی دیکە شەڕ و پێکدادانەکان دەست پێ بکەنەوە، من کەرتی وزەی ئەم وڵاتە دەخەمە سەرووی لیستی ئامانجە سەربازییەکانەوە."
گراهام لە درێژەی قسەکانیدا و لە وڵامی پرسیارێکدا بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری هەڵوێستەکەی، ئاماژەی بەوە کرد کە دووبارەکردنەوەی شێوازەکانی ڕابردوو تەنیا "هەمان ئەنجامی پێشوو"ی لێ دەکەوێتەوە.
ناوبراو وتی: "دەبێت گورزی بەهێزتریان لێ بدرێت. ڕەنگە ئەگەر گوشاری تەواویان بخرێتە سەر، ڕازی بن بە ڕێککەوتن؛ بەڵام لە ئێستادا پێم وایە ئەوان دەیانەوێت کات بکوژن و یاری دەکەن. بە وتەی سەرۆککۆماری ئەمریکا، پێم وایە ئەوان شێتن."