کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێودەوڵەتی: ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥دا زیاتر لە ٢ هەزار کەسی لە سێدارە داوە

10:16 - 28 بانەمەڕ 2726

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی بانەمەڕ لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥دا، دوو هەزار و ١٥٩ کەسی لە سێدارە داوە.

لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاشکرای کردووە کە لە ساڵی ٢٠٢٥دا و بێجگە لە چین، لانیکەم ٢ هەزار و ٧٠٧ کەس لە سەرانسەری جیهاندا لە سێدارە دراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئاماری جیهانیی لەسێدارەدان لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤، زیاتر لە دوو لەسەر سێ زیادی کردووە کە تێیدا ڕێژەی سێدارەی وڵاتانی وەک عەرەبستان، کوەیت، میسر، یەمەن و ئەمریکا زیادی کردووە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو و دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا، سزای لەسێدارەدانی وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان و پاراستنی دەسەڵاتەکەی توندتر کردووەتەوە.

هەروەها بەهۆی دۆخی ئەمنییەتیی نێوخۆی ئێران و ئەستەم‌بوونی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە دروستەکان، ڕێکخراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤ ئاماری جیاوازیان بڵاو کردووەتەوە؛ لەم چوارچێوەیەدا، ڕێکخراوی "مافی مرۆڤی ئێران" ، سەرەتای ئەمساڵ ڕایگەیاندبوو کە لە ساڵی ڕابردوودا لانیکەم هەزار و ٦٣٩ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون.