ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە ئەرتەشی ئیسرائیل دوو بنکەی سەربازیی نهێنی لە بیابانەکانی ڕۆژاوای عێراق و نزیکی شاری "نوخێب"دا بەڕێوە بردووە.
نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسانی ناوچەکەوە ڕایگەیاندووە کە ئەم بنکە سەربازییە پێش دەستپێکردنی شەڕی ئێستا لە دژی ئێران دامەزراوە و لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی مانگی ژوئەنی ساڵی ڕابردووشدا بەکار هاتووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم پێگەیە وەک ناوەندێک بۆ پشتیوانیی ئاسمانی، سووتەمەنیپێدان بە فڕۆکەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بەکار هێنراوە.
ئەم ڕۆژنامەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە واشنگتۆن بە تەواوی لە بوونی ئەم بنکەیە ئاگادار بووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم بنکەیە جیاوازە لەو بنکە کاتییەی پێشوو کە ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژۆرناڵ" پێشتر ڕاپۆرتی لەسەر بڵاو کردبووەوە.
واڵ ستریت ژۆرناڵ ڕایگەیاندبوو کە ئەو بنکەیەی پێشوو کەمێک پێش دەستپێکردنی شەڕی دژی ئێران دروست کرابوو و پشتیوانی هێزە تایبەتەکان و ناوەندێکی لۆجستیکی سەرەکی بۆ هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بووە.
تا ئێستا بەرپرسانی عێراق هیچ کاردانەوەیەکی فەرمییان لەسەر ئەم ڕاپۆرتە نیشان نەداوە.