کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە یەک لەسەر سێی بێکارانی ئێران خاوەنی بڕوانامەی زانکۆن

10:51 - 28 بانەمەڕ 2726

ئامارە فەرمییەکانی ئێران نیشانی دەدەن کە قەیرانی بێکاری بە توندی بەرۆکی دەرچووانی زانکۆی گرتووە، بە جۆرێک کە لە هەر ١٠ کەسی بێکار لە ئێراندا ٤ کەسیان خاوەنی بڕوانامەی ئاکادێمین.

ئەبولفەزل واحیدی، جێگری وەزیری خوێندنی باڵای ڕێژیم لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیسنا" ڕایگەیاند کە لە کاتێکدا لە هەندێک وڵاتدا تا ٨٥ لەسەدی دەرچووانی زانکۆ لە ساڵانی سەرەتای دوای خوێندن دەچنە ناو بازاڕی کارەوە، لە ئێران لە هەر ١٠ کەسی بێکار، چوار کەسیان بڕوانامەی زانکۆیان هەیە.

ناوبراو هۆکاری ئەم کێشەیەی بۆ بوونی "خولی مەشق و ڕاهێنانی سەر کاغەز و ڕواڵەتی" گەڕاندەوە کە نەبووەتە هۆی فێربوونی ڕاستەقینەی پیشەیی.

هاوکات، هەواڵدەریی "تەسنیم"ی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران بە پشتبەستن بە نوێترین ئامارەکانی زستانی ١٤٠٤ بڵاوی کردەوە، کە پشکی دەرچووانی خوێندنی باڵا لە کۆی گشتیی حەشیمەتی بێکارانی وڵاتەکە گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٦ لەسەد.

ئەم هەواڵدەرییە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئێستادا زیاتر لە یەک لەسەر سێی بێکارانی ئێران، ئەو لاوانەن کە ساڵانێکی زۆری تەمەنی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی پسپۆڕی و زانست تەرخان کردووە، بەڵام بێکارن.