کاناڵی "سی ئێن ئێن" ڕایگەیاند، دۆناڵد ترامپ دوای گەڕانەوەی لە چین، لەگەڵ تیمی ئەمنییەتی میللیی وڵاتەکەی لە ڤیرجینیا بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو دژی ئێران کۆ بووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، جی دی وێنس، مارکۆ ڕۆبیۆ، جان ڕاتکلیف و ستیڤ ویتکاف بەشدار بوون.
ترامپ بڕیاردانی لەسەر ئێران دوا خستبوو تا ئەنجامی گفتوگۆکانی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆککۆماری چین ڕوون بێتەوە؛ پێکەن پێشتر شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیلی مەحکووم کردبوو.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە پێنتاگۆن لیستێک لە ئامانجی سەربازی، لەوانە دامەزراوەکانی وزە و ژێرخانەکانی ئێرانی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی لە کاتی بڕیاری ترامپدا بکرێنە ئامانج. هاوکات ترامپ پەیوەندییەکی تلفۆنیی لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهوو ئەنجام داوە.
ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوەن کە ترامپ بە توندی ڕەخنەی لە دیپلۆماسیی تاران و بەردەوامیی داخرانی گەرووی هۆرمۆز گرتووە کە کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت داناوە.
ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" هۆشداری دابووە تاران کە کاتیان نەماوە و ئەگەر خێرا ڕێک نەکەون، هیچ شتێکیان لێ نامێنێتەوە.