کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیانی تێکدانی ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن ئێرانەوە گەیشتە ٢٥ میلیارد دۆلار

10:56 - 28 بانەمەڕ 2726

شیکارییەکی هەواڵدەریی "رۆیتێرز" نیشانی دەدات کە دروستکردنی ئاستەنگ و تێکدانی ڕێڕەوی کەشتیوانی و هاتوچۆی نەوتکێشەکان لە گەرووی هۆرمۆز لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، تا ئێستا لانیکەم ٢٥ میلیارد دۆلار زیانی دارایی بە کۆمپانیا جیهانییەکان گەیاندووە.

لە حەفتەکانی ڕابردوودا، هێرشکردنە سەر کەشتییەکان، دەستبەسەرداگرتنیان و هەڕەشەکردن لە ڕێڕەوە دەریاییەکان لەلایەن ئێرانەوە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بیمە، سووتەمەنی، تێچووی گواستنەوە و لە کۆتاییدا گرانبوونی کاڵاکان.

بەپێی لێکۆڵینەوەکە، بەهۆی گرانبوونی وزە، پچڕانی ڕێگا بازرگانییەکان و کەمبوونەوەی بەرهەم، لانیکەم ٢٧٩ کۆمپانیای گەورە لە ئەمریکا، ئورووپا و ئاسیا زیانیان بەرکەوتووە؛ بە جۆرێک کە هەندێکیان دابەشکردنی قازانجیان ڕاگرتووە یان داوای یارمەتیی داراییان لە دەوڵەتەکانیان کردووە.

یەک لەسەر پێنجی کۆمپانیا زیاندمەندەکان، لە بەرهەمهێنەرانی کەرەستەی جوانکاری و تایەر و پاککەرەوەکانەوە بگرە تا هێڵە ئاسمانییەکان و کۆمپانیاکانی کەشتیی گەشتیاری، ڕاپۆرتیان لەسەر زیانی دارایی ڕاستەوخۆ داوە.

لەم نێوەدا، نزیکەی ١٥ میلیارد دۆلار زیان تەنیا بەر هێڵە ئاسمانییەکان کەوتووە؛ ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئاڵۆزییەکانی گەرووی هۆرمۆز تەنیا لە بازاڕی نەوتدا قەتیس نەماونەتەوە، بەڵکوو چووەتە ناو چینە جیاوازەکانی ئابووریی جیهانییەوە.

زۆربەی ئەو کۆمپانیایانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە بریتانیا و ئورووپا جێگیرن، هەروەها نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆمپانیاکانیش ئاسیایین.