کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: پاشکەوتی نەوتی جیهان تەنیا بەشی چەند حەفتە دەکات

15:33 - 28 بانەمەڕ 2726

فاتیح بیرۆل، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، لە کۆبوونەوەی وڵاتانی گرووپی حەوت (G7) لە پاریس هۆشداریی دا کە بەهۆی داخرانی گەرووی هۆرمۆز، پاشکەوتی بازرگانیی نەوتی جیهان بە خێراییەکی کەم‌وێنە ڕوو لە نەمانە و تەنیا چەند حەوتوویەکی لێ ماوە.

بیرۆل ڕایگەیاند، ئازادکردنی پاشکەوتی ستراتێژیی نەوت، ڕۆژانە ٢.٥ میلیۆن بەرمیل نەوتی خستووەتە بازاڕەوە، بەڵام ئەم سەرچاوانە بێ‌کۆتایی نین.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە دەستپێکردنی وەرزی چاندنی بەهارە و گەشتەکانی هاوینە، خواست لەسەر گازۆیل، بەنزین و سووتەمەنیی فڕۆکە بە توندی بەرز دەکاتەوە و قەیرانەکە قووڵتر دەکات.

ئەم کێشەیە لە کاتێکدایە کە حەوتووی ڕابردوو ئەو ئاژانسە ڕایگەیاند بەهۆی شەڕی دژ بە ڕێژیمی ئێران، بەرهەمهێنانی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پەکی کەوتووە و بەم هۆیەشەوە دەرخستنی نەوت زۆر کەمتر دەبێت لە خواستی و پاشکەوتی جیهانی بە خێراییەکی بێ‌وێنە کەم دەکات.