دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێرشێکی سەربازیی پلانبۆداڕێژراو بۆ سەر ئێران دوا دەخات کە بڕیار بوو ڕۆژی سێشەممە ئەنجام بدرێت.
ترامپ ڕوونکردنەوەی دا کە ئەم بڕیارەی لەسەر داوای ڕاستەوخۆی ئەمیری قەتەر، شازادەی جێنشینی سعوودیە و سەرۆککۆماری ئیمارات داوە، چونکە لە ئێستادا دانوستانێکی جیددی لە ئارادایە و ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێک هەیە کە بۆ ئەمریکاش جێی قەبووڵ بێت.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە تاران ڕایگەیاندووە کە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بەردەوامە وڵامی پێشنیارە نوێیەکانی واشنگتۆنی داوەتەوە.
ترامپ جەختی کردەوە کە فەرمانی بە وەزیری بەرگری و سەرۆکی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا کردووە هێرشەکەی سبەی ڕابگرن، بەڵام پێی وتوون کە لە ئامادەباشیی تەواو و چرکەساتدا بن تا لە ئەگەری دەستنەکەوتنی ڕێککەوتنێکی گونجاو، هێرشێکی گشتگیر و بەرفراوان جێبەجێ بکەن.