کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرانا: لە سەرەتای شەڕەوە زیاتر لە ٥٠ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون

08:53 - 29 بانەمەڕ 2726

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ''هێرانا'' ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٩ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە، لانیکەم ٤ هەزار و ٢٣ حاڵەتی دەسبەسەرکردن و ٥٠ حاڵەتی لەسێدارەدانی تۆمار کردووە؛ کە ٣٢ حاڵەتیان بە تۆمەتی سیاسی و ئەمنییەتی بووە.

 بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی ئێران شەڕیان بۆ توندکردنەوەی کەشی ئەمنییەتی، سەرکوتی خەڵکی مەدەنی و سەپاندنی پچڕانی درێژخایەنی ئینتێرنێت بەکار هێناوە، هاوکات دۆخی ناوەندەکانی دەسبەسەرکردن بەشێوەیەکی بەرچاو خراپتر بووە و بازگەکانی هاتوچۆش زیاتر کراون.

لەلایەکی ترەوە، ئەحمەدڕەزا ڕادان، فەرماندەی هێزەکانی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران بەفەرمی ڕایگەیاندبوو کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە، هێزەکانیان ٦هەزار و ٥٠٠ کەسیان لە سەرانسەری ئیراندا دەسبەسەر کردوو و جەختی لەوەش کردبووە کە دەستگیرکردنی بەشداربووانی خۆپێشاندانەکانی پێشووش بەردەوامە.

سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی شەریش، هێرانا گیانلەدەستدانی لانیکەم ٣ هەزار و ٦٣٦ کەسی پشتڕاست کردووەتەوە، کە هەزار و ٧٠١ کەسیان  کەسیان مەدەنی (لە نێویاندا ٣٠٧ منداڵ) و  هەزار و٢٢١ کەسیان هێزی سەربازی بوون.