لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆماریخوازی نزیک لە دۆناڵد ترامپ، بۆ چەندەمین جار ڕایگەیاند کە هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، دەبێ لەلایەن کۆنگرەوە پەسەند بکرێت.
ئەم جەختکردنەوە دووبارەیەی ناوبراو لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند، لەسەر داوای سەرکردەکانی چەند وڵاتێکی عەرەبیی کەنداو، هێرشە پلان بۆداڕێژراوەکەی ڕۆژی سێشەممەی بۆ سەر ئێران دواخستووە.
گراهام لە کاردانەوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: ''هەر ڕێککەوتنێک لە نێوان تاران و واشنگتۆندا دەبێت هاوشێوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەرجام لە سەردەمی سەرۆکۆماری باراک ئۆبامادا، بۆ پەسەندکردن پێشکەشی کۆنگرێس بکرێت.
ناوبراو وێڕای دەربڕینی گومان لە ئەگەرەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا، ڕاشیگەیاند: ''ئەگەر بتوانین لە ڕێگەی دیپلۆماسی و لە چوارچێوەی بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەمنییەتی نەتەوەییماندا کۆتایی بەم ململانێیە بهێنین، ئەوە دەستکەوتێکی گەورە دەبێت.''
گراهام داواکارییەکانی دۆناڵد ترامپی لە ڕێژیمی ئێران بەم شێوەیە ڕیزبەند کرد: ''ڕاگرتنی پیتاندنی ئۆرانیۆم، کۆنترۆڵی ئەمریکا بەسەر نزیکەی ۹۰۰ پۆند ئۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی بەرز، کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز بەبێ دەستێوەردانەکانی ئێران، وازهێنان لە بەرنامەی مووشەکە بالیستیکە دوورهاوێژەکان و کۆتاییهێنان بە هەر جۆرە پاڵپشتییەک لە تیرۆر.''