ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بانەمەڕ، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداریی بەڕێزان سوڵتان گوڵاوی و نەرمین عوسمانی، لەسەر داوای فەرمیی پارتی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان (SPD)، لە پارلەمانی هەرێمی "نۆرد ڕاین وێستفالێن" لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کۆ بووەوە.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، نوێنەرانی پارتی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان بەڕێزان "کارۆلین کیرش"، "جۆزێف نۆیمان" و "ئینگە بلاسک"، وێڕای ئاماژەدان بە هۆکار و بەرفراوانبوونی ئاستی شەڕەکە، دۆخی نێوخۆی ئێران و کوردستان و پچڕانی ئینتێرنێتیان بە مەترسیدار وەسف کرد.
دواتر شاندی حیزبی دێموکرات تیشکی خستە سەر سیاسەتی شەڕخوازانەی کۆماری ئیسلامی و ڕوونیان کردەوە کە ئەم ڕێژیمە مانەوەی خۆی لە دروستکردنی ئاژاوە و سەرکوتی ئازادیخوازاندا دەبینێتەوە.
نوێنەرانی حیزب ئاماژەیان بە هەڵسوکەوتی دوژمنکارانەی تاران دژ بە گەلی کورد کرد و ڕایانگەیاند کە لە دەستپێکی قۆناغی دووهەمی شەڕی ناوچەییدا، زیاتر لە ٢٠٠ هێرشی مووشەکی و دڕۆنی کراوەتە سەر بنکەکانی حیزب و کەمپی پەنابەرانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان، کە شەهید و برینداربوونی لێکەوتووەتەوە. شاندی حیزب داوای کرد ئاڵمان لە ئاست ئەم تاوانانەدا بێهەڵوێست نەبێت.
لە کۆتاییدا، نوێنەرانی پارتی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان جەختیان لەسەر بەردەوامیی پشتگیریکردنی خەباتی ئازادیخوازانەی گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد کردەوە و ئاماژەیان بەوە کرد کە پارتی ئەوان ڕۆڵی سەرەکیی لە ناساندنی "سپای پاسداران" وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی لە پارلەمانی ئورووپادا هەبووە.