کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فێرکردنی بەکارهێنانی چەک بە ژنان و منداڵان لە شەقامەکانی تاراندا

10:29 - 29 بانەمەڕ 2726

هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بەرنامەی نیزامی لە تلویزیۆنی ڕێژیمەوە، چەندین ڤیدیۆ بڵاو بوونەتەوە کە نیشانی دەدەن کاربەدەستانی ڕێژیم لە شەقامەکانی تاراندا خەریکی فێرکردنی چەک بە منداڵان و ژنانن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتریش ڕاپۆرتی بەکارهێنانی منداڵان لە بازگەکانی نێو شاردا بڵاو کرابووەوە؛ لە کاتێکدا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەکارهێنانی کەسانی خوار ١٥ ساڵ لە ململانێ سەربازییەکاندا قەدەغەیە و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، هاندانی منداڵان بۆ نێو شەڕ بە "تاوانی شەڕ" ئەژمار دەکات.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، تلویزیۆنی کۆماری ئیسلامی بە هێنانی کارناسانی سەربازی، خولی فێرکاریی کارکردن بە چەکی سووک و قورسی (لە کڵاشینکۆفەوە تا تیربار) لەسەر شاشەکان پەیڕەو کرد.

هاوکات لە پەرەپێدانی ئەم کەشە، ڕێژیم ٥٠ مزگەوتی تارانی بۆ فێرکاریی سەربازیی ژنان و پیاوان تەرخان کردووە و لە مەیدانە سەرەکییەکانی پێیتەختیشدا، بنکەی تایبەتی بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ نێو ئەم خولە سەربازییانە داناوە.