کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرفەتی ئاگربەستە کاتییەکەی بۆ کردنەوەی دەیان پێگەی مووشەکە بالیستیکەکانی کە لە کاتی شەڕدا کرابوونە ئامانج قۆستووەتەوە. تاران لەم ماوەیەدا سەکۆ گەڕۆکەکانی هاوێشتنی مووشەکی گواستووەتەوە و تاکتیکەکانی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ گۆڕیوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"، بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە زۆربەی مووشەکە بالیستیکەکانی ئێران لەنێو چیاکان و دامەزراوە ژێرزەوینییە قووڵەکاندا بوون.
ئەمریکا لە هێرشەکانیدا تەنیا دەرگای چوونەژوورەوەی ئەم پێگانەی ڕووخاندبوو و نەیتوانیبوو خودی دامەزراوەکان لەنێو ببات، بۆیە ئێستا ئێران بەشێکی زۆری ئەو شوێنانەی سەرلەنوێ کردووەتەوە.
ئەم بەرپرسەی ئەمریکا بۆ نیویۆرک تایمز زیادی کردووە کە تاران چەکە ماوەکانی گواستووەتەوە و پێی وایە دەتوانێت چ لە ڕێگەی داخرانی گەرووی هۆرمۆز، یان هێرشکردنە سەر ژێرخانەکانی وزە لە وڵاتانی دراوسێ لە کەنداو و یانیش بە هەڕەشەکردن لە فڕۆکەکانی ئەمریکا لە دژی ئەمریکا ڕابوەستێت.