کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی بژێوی؛ بەکارهێنانی مریشک لە ئێران ٢٥ لەسەد دابەزیوە

10:47 - 29 بانەمەڕ 2726

لە درێژەی داڕمانی ئابووری و دابەزینی توندی توانای کڕینی هاووڵاتییان بەهۆی سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، بەرپرسی گشتیی فێدراسیۆنی پەلەوەری ئێران دابەزینی ٢٥٪ی بەکارهێنانی گۆشتی مریشکی لەلایەن خێزانەکانەوە ڕاگەیاند.

فەرزاد تەڵاکەش دانی بەوەدا نا کە بەهۆی هەڵاوسانی هاوسارپچڕاو و بچووکبوونەوەی سەبەتەی خۆراکی خەڵک، گۆشتی مریشک کە دوایین سەرچاوەی پرۆتینی چینی کەمداهاتی کۆمەڵگە بوو، لەسەر مێزی زۆربەی بنەماڵەکان لادراوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی قەیرانی نەختینەیی و نەبوونی پاڵپشتی بۆ بەرهەمهێنەران، کێڵگە پەلەوەرییەکان ناچارن مریشکەکان بە کێشێکی کەمترەوە ڕەوانەی بازاڕ بکەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بەرهەمهێنانی مانگانە لە ٢٦٠ هەزار تۆنەوە بۆ ٢١٠ هەزار تۆن دابەزێت.

خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان و هاوردەکارانی خۆراکی پەلەوەر بە دەست قەیرانی توندی داراییەوە دەناڵێنن و هۆشداری دەدرێت ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، نرخی هەر کیلۆ مریشک دەگاتە ٤٠٠ هەزار تمەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیم لە جیاتی چارەسەرکردنی قەیرانی بژێوی و برسێتیی خەڵک، سامان و بودجەی وڵات بۆ پەرەپێدانی کەشی شەڕ و تێچووی سەربازی بەفیڕۆ دەدەن.