سێ مانگ دوای هێرشی ئەمریکا و ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، بنبەستی نێوان واشنگتۆن و تاران قووڵتر بووەتەوە و مەترسیی دەستپێکردنەوەی شەڕ بەرز بووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، گەمارۆکانی ئەمریکا لە لایەک و ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە گەرووی هۆرمۆز لەلایەکی دیکەوە، گوشارە ئابوورییەکانیان قورستر کردووە؛ هاوکات دانوستانە ناڕاستەوخۆکانیش تا ئێستا چەقبەستوون و هیچ پێشڤەچوونێکیان بەخۆوە نەدیوە.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە ڕۆیتێرزیان ڕاگەیاندووە کە بەرنامەی مووشەکی و ناوکی و پرسی گەرووی هۆرمۆز بۆ تاران تەنیا ئامرازی ئاسایی دانوستان نین، بەڵکوو بەشێکن لە ستراتێژیی مانەوەی کۆماری ئیسلامی.
ڕۆیتێرز دەنووسێت جیاوازییەکان هێشتا زۆر بەرچاون؛ واشنگتۆن داوای ڕاگرتنی پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ و چوونەدەرەوەی پاشکەوتی ئۆرانیۆمی ئێران دەکات، بەڵام لە بەرامبەردا تاران مەرجی کۆتاییهێنان بە هێرشەکان، پێدانی گەرەنتیی ئەمنییەتی، قەرەبووی شەڕ و قەبووڵکردنی ڕۆڵی خۆی لە گەرووی هۆرمۆز دەکات؛ ئەو مەرجانەی کە ئەمریکا ڕەتی کردوونەتەوە.
لە هەمان کاتدا، سەرچاوەکانی نزیک لە ڕێژیمی ئێران ئاشکرایان کردووە کە لە پشت ئەم خۆڕاگرییە میدیاییەوە، گوشارە ئابوورییە نێوخۆییەکان بە توندی ڕوویان لە زیادبوونە؛ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، بێکاری و زیان گەیشتن بە پیشەسازییە سەرەکییەکان، سناریۆی "نە شەڕ، نە ئاشتی" بۆ کۆماری ئیسلامی زۆر تێچوودار کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، ئێستا نیگەرانیی سەرەکی نزیکبوونەوە لە ڕێککەوتن نییە؛ بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەم بنبەستە تا کەی بەردەوام دەبێت پێش ئەوەی هەڵەیەک، ناوچەکە بەرەو خولێکی نوێی شەڕی ماڵوێرانکەر ببات.