ڕۆژی شەممە، ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٥، ئەندامانی یەکیەتیی ژنان و ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری "شتوتگارت"ی وڵاتی ئاڵمان، خۆپیشاندانێکیان بۆ مەحکوومکردنی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کەمپی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شەهیدبوونی تیکۆشەران، هاوکات لەگەڵ شەپۆلی لەسێدارەدانی لاوانی کورد، بەڕێوە برد.
سەرەتای خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان، پەیامی یەکیەتیی ژنان لەلایەن خاتوو شەهین مورتەزازادە، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی کۆمیتەی ئاڵمانەوە پێشکەش کرا، کە تێیدا بەوردی تیشک خرابووە سەر تاوان و پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، خاتوو سەحەر خاڵ ئاقا کۆساری چەند پەیامێکی بە زمانی ئەڵمانی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد؛ لەم پەیامانەدا باس لە هێرشە دڕۆنییەکانی ئەم دواییانەی ڕێژیمی تاران بۆ سەر کەمپی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان، لەسێدارەدانی لاوان و شەهیدبوونی تێکۆشەرانی کورد کرابوو و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا لە ئاست ئەم تاوانانەدا بێدەنگ نەبێت.
لە درێژەی خۆپێشاندانەکەدا، سروودی "من پێشمەرگەی کوردستانم" لەلایەن ئەندامانی یەکیەتیی ژنان و ئەندامانی حیزبەوە پێشکەش کرا.
ئەم خۆپیشاندانە پاش چەند کاتژمێرێک، بە بەرزکردنەوەی دروشم دژ بە ڕێژیمی ئێران و پشتگیریکردنی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بە هەردوو زمانی کوردی و ئاڵمانی
کۆتایی پێهات.
