دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بە ئەندامانی کۆنگرەی ڕاگەیاندووە کە وڵاتەکەی شەڕ لەگەڵ ئێران زۆر بە خێرایی کۆتایی پێدەهێنێت. هاوکات چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگرتنی هێرشە پلانداڕێژراوەکانی ڕۆژی سێشەممە بۆ سەر ئێران، ترامپ لەگەڵ تیمی باڵای ئەمنییەتی میللی کۆ بووەتەوە و بژاردە سەربازییەکانی تاوتوێ کردووە.
ترامپ ڕایگەیاندووە کە تاران تەنیا "دوو سێ ڕۆژ" دەرفەتی بۆ پێشکەوتنی دیپلۆماسی لەبەردەمدایە.
بەپێی سەرچاوەکان، پاشەکشەی کاتیی ترامپ لە هێرشەکە، بەهۆی نیگەرانیی سەرکردەکانی کەنداو بووە لە هێرشی تۆڵەسێنەرەوەی ئێران بۆ سەر ژێرخانە نەوتییەکانیان.
لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی باڵا وەک جی دی وێنس، مارکۆ ڕۆبیۆ و سەرۆکی سیا بەشدار بوون.
نێوبژیوانەکان هەوڵ دەدەن ئێران ڕازی بکەن تا بەرامبەر داوا ناوکییەکانی ئەمریکا نەرمی بنوێنێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە ترامپ هۆشداری داوە: مەزەندە دەکرێت ناچار بین لێدانێکی گەورەی دیکە لە ئێران بوەشێنین. ترامپ لە مانگی فێوریەوە لانیکەم شەش جار هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دواخستووە.