شلێر مامقادری، ژنی تەمەن ٣٤ ساڵانی خەڵکی مەهاباد و دایکی دوو منداڵ، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٢ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی، لە بەندیخانەی ورمێ لە دۆخێکی تەندروستیی ناجێگیردا ڕاگیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا ئەم ژنە کوردە کە پتر لە ساڵێکە دەرمانی کیمیایی بۆ شێرپەنجەی مەمک وەردەگرێت، لە ماوەی دەسبەسەریدا بە توندی ئەشکەنجە دراوە. بەهۆی تێکچوونی باری جەستەیی و خوێنڕێژی، هێزە ئەمنییەکان ناچار بوون بیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە و نەشتەرگەریی بۆ بکەن، بەڵام پێش تەواوبوونی پرۆسەی چارەسەرەکەی، دووبارە گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندیخانە.
شلێر مامقادری کە بژێوی ژیانی لە ڕێگەی پاکوخاوێنکردنەوەی ماڵانەوە دابین دەکرد، لە ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ەوە بۆ دووەمین جار لە سێ مانگی ڕابردوودا دەسبەسەر کراوە. ناوبراو تا ئێستا لە مافەکانی وەک دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دەرمانەکانی شێرپەنجە، و چاوپێکەوتن یان پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ کچەکانی بێبەری کراوە؛ بەم هۆیەشەوە منداڵەکانی لە بارودۆخێکی نادیاردان و بە بێ سەرپەرست دەژین.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانی قووڵی خۆیان لەسەر دۆخی ناوبراو ڕاگەیاندووە.