ئەمریکا نەوتهەڵگرێکی تری پەیوەندیدار بە ئێرانی بە ناوی "ئێسکای ڤیو" لە زەریای هینددا ڕاگرت.
بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە ئەم هەنگاوە هاوکات لەگەڵ توندبوونی گوشارەکانی واشنگتۆن بۆ سەر تاران جێبەجێ کراوە.
ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژۆرناڵ" بڵاوی کردووەتەوە، ئەم ئۆپەراسیۆنە لە کاتێکدا ئەنجام دراوە کە دۆناڵد ترامپ جارێکی دیکە هۆشداریی لە ئەگەری لێدانی گورزی سەربازیی گەورە لە ئێران داوەتەوە.
ئەم کەشتییە کە پێشتر لە مانگی مارسی ڕابردوودا گەمارۆی خرابووە سەر، بەپێی زانیارییەکانی دەزگای "لویدز لیست" پێدەچێت زیاتر لە یەک میلیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێرانی هەڵگرتبێت و دوای تێپەڕبوونی بە گەرووی مالاکادا لە ڕۆژاوای مالێزی دەستی بەسەردا گیراوە.
ئەم کارە بەشێکە لە کەمپەینی ئەمریکا دژی ناوگانی سێبەری ئێران و ئەمە سێیەمین حاڵەتی دەستبەسەرداگرتنی نەوتهەڵگرەکانی ئێران لە زەریای هیندە؛ ئەمریکا پێشتریش لە مانگی ئاوریلدا و لە هەمان ناوچەدا دەستی بەسەر دوو کەشتیی تر بە ناوەکانی "ماجێستیک ئێکس" و "تیفانی" دا گرتبوو.